تەقینەوەی مین لە پیرانشار بریندارێکی لێ کەوتەوە

11:41 - 21 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەید ئیبراهیم قورەیشی" خەڵکی شاری پیرانشار، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.

ئەو هاووڵاتییە لە نزیک سنووری "تەمەرچینـ"ـی شاری پیرانشار تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەو هاووڵاتییە لەو ڕووداوەدا، قولاپەی پێی بریندار و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی بانەمەڕ، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی "حەبیب حاتەمی سینائابادی" کوڕی جەلال خەڵکی گوندی "کوران" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار ببوو.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٠، ٤٠٢ غەیرەنیزامی لە کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکانی شەڕی ئێران و عێراق (١٠٣ کوژراو و ٢٩٩ بریندار).