تەقینەوەی مین لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی قوتابییەکی کردە قوربانی+وێنە

14:26 - 1 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابییەکی پۆلی چواری سەرەتایی و خەڵکی گوندی \"شێخ سەڵە\"ی سەربە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە ئوستانی کرماشان لە ئەنجامی تەقینەوەی مین‌دا لە خاڵی سنووریی شێخ سەڵە تووشی برینداری بوو.

\"19458.jpg\"
ئارمین یووسفی بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو بریندار بوو
هەواڵنێری کوردپا ناوی ئەو قوتابییە کوردەی کە بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە، ئارمین یووسفی راگەیاندووە.

بەوتەی کەسانی ئاگادار لەو رووداوە، ئارمین یووسفی لەگەڵ منداڵە هاوتەمەنەکانی خۆی سەرقاڵی یاری کردن بووە و مینی چێندراوی شەڕی سەرسنوور بەڕوویاندا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە ئارمین بریندار بووە.

ئارمین یوسفی کە بۆ نەخۆشخانەی شاری سەلاسی باوەجانی راگوێزراوە، باری تەندروستییەکەی جێگر راگەیەندراوە، بەڵام پزیشکانی نەخۆشخانە گوتویانە ئاسەواری ئەو تەقینەوەیە حەفتەی داهاتوو خۆی دەنوێنێ.

مانگی سەرماوەزی ساڵی رابردووش کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە ئوستانی کرماشان بەناوی فەرید قادری تەمەن ٢٦ ساڵ، لەخاڵی سنووریی شێخ سەڵە، بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دابوو.

\"19460.jpg\"
لەماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق بە ملیۆنان مین لە ئوستانی خوزستان و ٤ ئوستانی کوردنشینی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا لەخۆ دەگرێت، لەلایەن هەر دوو لایەنی شەڕەکەوە چیندران، کە پاش تێپەڕینی ٢٦ ساڵ بەسەر ئەو شەڕەدا هەتا ئێستا زۆربەی خاڵە سنووریەیکان بە دەست لێ نەدراوی ماونەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەکاتی شەڕی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق نزیک بە ٣٠%ی خاک و زەوییەکانی ئوستانی کرماشان لەلایەن هەر دوو لایەنی شەڕەکەوە مینڕێژ کراون، کە ساڵانە دەیان هاووڵاتیی کورد لەو ئوستانە دەکاتە قوربانی.