تەقینەوەی مین لە مێهران دوو کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

13:04 - 20 خەزەڵوەر 2721

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق لە شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو هاووڵاتی بوون قوربانی.

ئەو دوو هاووڵاتییە ژن و مێردن و هەتا ئێستا شوناسیان ناڕوونە.

لەو پەیوەندییەدا فەرمانداری شاری مێهران هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییەی بۆ دەستکاریکردنی کەرەستە تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی گەڕاندەوە.

بەڵام یەکێک لە پسپۆڕانی هەڵگرەوەی مین وتەکانی فەرمانداری مێهرانی ڕەت کردەوە کە ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە و دەستکاریکردن و تەقینەوەی گولـلە خومپارەیەک تووشی ئەو ڕووداوە هاتبوون.

"عیسا بازیار" پسپۆڕی هەڵگرتنەوەی مین و چالاکی قوربانییانی تەقینەوەی مین لەوبارەیەوە بە  ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو ژن و مێردە بەهۆی تەقینەوەی مینە کۆنەکراوەکان لە شاری مێهران بوونەتە قوربانی و لە گرێبەستەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوەندە حکوومەتییەکاندا هاتووە، دەبێ هەموو کەرەستە تەقەمەنییەکان کۆ بکرێنەوە".

زیاتر لە سێ دەیە لە کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق تێدەپەڕێت و هەموو پرۆژەکانی هەڵگرتنەوەی مین لە ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٣٨٠ لە پاوانی وەزارەتی بەرگری و ناوەندەکانی سەر بە دەوڵەتدایە، بەڵام ئێران لە پەیوەستبوون بە کۆنوانسیونی ئۆتاوا و قەبووڵکردنی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان بۆ هەڵگرتنەوەی ناوچە ئالوودەکراوەکان بە مین، هەتا ئێستا خوی بواردووە.