تەقینەوەی مین لە شنۆ قوربانیی لێ‏کەوتەوە

20:59 - 14 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە شاری شنۆ بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شنۆ بە ناوی \"مەحموود سۆفی مەحموودی\" کوڕی \"ئیبراهیم\" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی گوندی \"شاوانێ\"، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین‏دا لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە لاقێکی بریندار بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە بارەیەوە ڕایگەیاند،کە ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ کۆکردنەوەیی ڕووەک و گژ و گیای بەهاری چوو بووە یەکێک لە شاخە کوێستانییەکانی بە ناوی \"پورکی ٢\" و بە هۆی تەقینەوەیی مین لاقێکی لە دەستدا.

بریندارەکەی ئەو تەقینەوەیە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە و لەژێر چاودێری پزیشکی دایە.

ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە؛ لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا، ٣٦ هاووڵاتیی کورد بەهۆکاری تەقینەوەی مین و دیکەی کەرەستە بەجێماوەکانی جەنگی ئێران و ئێراق، بوونەتە قوربانی، کە ١٢ کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە.