تەقینەوەی مین لە شاری مەریوان قوربانی لێ کەوتەوە

14:05 - 21 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لە کاتی گەشت و گەڕان لە شاخەکانی مەریوان بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەوالی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٨ گەلاوێژ هاووڵاتیەکی کورد، خەڵکی شاری مەریوان بەهۆی تەقینەوەی مینێکی بەجێماو لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بە سەختی بریندار بوو.

\"\"
لوقمان حەکیمی
هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە \"لوقمان حەکیمی\" تەمەن ٤٦ ساڵ ڕاگەیاند.

هەواڵنێری کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ هاوڕێکانی لە کاتی گەشت کردن لە کاتی کۆکردنەوەی دار بۆ ئاگرکردنەوە لە شاخەکانی \"کانی خەیاران\"بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.

لە دڕێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، تەقینەوەی ئەو مینە بوو بە هۆی برینداربوونی چاو و دەستی ئەو هاووڵاتییە کوردە و هەروەها دەستی چەپی و سێ قامکی دەستی ڕاستی ئەو هاووڵاتییە کوردە.

لوقمان حەکیمی هەنوکە لە نەخۆشخانەی \"فەجری\" شاری مەریوان لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دایە و پزیشکەکان ئەو نەخۆشخانەیە باسیان لە نالەبار بوونی باری تەندروستی ئەو هاووڵاتییەی کوردە کردووە.

پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان، ئیلام و خووزستان بە پانتایی نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هێکتار، لانیکەم ١٦ میلیۆن مین لەو زەوییانەدا بوونیان هەیە.

ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە \"پەیمانی ئۆتاوا\" واژۆ بکات. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکات پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەسە جەنگییەکان خاوێن بکەنەوە.