تەقینەوەی مین لە شاری قەسری‌شیرین گیانی سەربازێکی کوردی ئەستاند

15:00 - 20 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کورد، خەڵکی شاری پیرانشار پاش تەقینەوەی مین لە شاری قەسری‌شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، سەربازێکی کورد بە ناوی \"عەلی مەحموودی\" کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی \"دربکە\"ی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکان لە شاری قەسری‌شیرین گیانی لە دەست دا.

ئەو ڕووداوە لە کاتێکدا ڕووی داوە، کە ئەو سەربازە کوردە تەنیا دوو مانگی مابوو سەربازییەکی تەواو بکات.

هەتا ئێستە ڕاپۆرتێک لە پەیوەندیی لەگەڵ چۆنییەتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە بڵاو نەکراوەتەوە و میدیاکان و ناوەندە حکوومەتییەکانیش لەو پەیوەنییەدا، بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

بە پشبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵێ ٩٦ی هەتاویدا، ٤٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین کوژرا و بریندار بوون.