تەقینەوەی مین لە شاری قەسری شیرین قوربانیی لێکەوتەوە

21:33 - 24 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مینە بەجێماوەکان لە سنووری شاری قەسری شیرین هاووڵاتییەکی مەڕداری خەڵکی ئەو شارەی کردە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، تەقینەوەی مین لە ناوچەی\"چەقا شیرگەی\" \"نەفت شار\"، سەر بە بەخشی \"سومار\"ی شاری \"قەسری شیرین\" ڕوویدا و هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵدەریی ئیسنای کرماشان لە زاری جێگیری فەرمانداری شاری قەسری شیرین بڵاوی کردەوە، هاووڵاتییەک لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات، چووەتە سەر یەکێک لە مینە بە جێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق و بە سەختی لەو ڕووداوەدا بریندار بووە.

نێعمەتوڵڵا نازپروەردە هەروەها ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییە بە هۆی ئەو تەقینەوەوە، لاقێکی بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری \"گیلانغەرب\" کراوە.

بە وتەی ناوبراو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا، ئەمە ١٨هەمین حاڵەتە تەقینەوەی مینی بە جێماوەی شەڕی ٨ ساڵە لە شاری \"قەسری شیرین\" بووە.
ئەو سەرچاوەیە شوناسی ئەو هاووڵاتییەی بڵاو نەکردووەتەوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ تەقینەوەی مینە بەجێماوەکاندا، نزیکەی ١٣٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی، هونەرمەندان و پارێزەرانی قوربانیانی تەقینەوەی مین لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، لە \"ڕۆژی جیهانیی کەمئەندامان\" بۆ سەرکۆماری ئێران، داوای پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی قوربانیانی مینیان کردووە.

زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە پارێزگاکانی ئیلام، سنە، ورمێ، کرماشان و خووزستان بوونی هەیە و زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ هێکتار زەویش لە پارێزگا کوردنشینەکان بە مین ئالوودە کراون.

شاری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان ١٨٦ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا هەیە و خاوەنی سنووری پەرویزخان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و خوسرەوییە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا. بەپێی ئاماری ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی ڕێژەی دانیشتوانی ئەو شارە ١١٧٥٢٠ کەس بووە.