تەقینەوەی مین لە شاری شنۆ قوربانیی بەدواوە بوو

15:33 - 5 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ قوربانیی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی شاخی\"تاڵەجاڕ\" لاقێکی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ لە ڕاپۆرتێکدا ڕاگەیاند؛ ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٨ی شەو ڕوویداوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو هاووڵاتییە بە ناوی \"مەولوود عەزیزی\" کوڕی \"محەممەد\" خەڵکی گوندی \"بێمزەڕتە\" ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە بۆ ناوندی دەرمانیی شاری ورمێ گواستراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، مەولوود عەزیزی، بۆ کۆکردنەوەی گیا و ڕووەکی سروشتی ڕووی لەو شاخانە کردبوو کە تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

هەروەها، ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٩ی خاکەلێوە، \"حەسەن مام ڕەسووڵی\"، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی\"مەزرا\" سەر بە شاری سەردەشت، کە بە هۆی تەقینەوەی مینێکەوە بریندار ببوو، چاوێکی لەدەست دا.

بە پێی ئامار و داتا سەرەتاییەکان لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، کە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق بڵاو بووەوە، ١١٠٠ کیلۆمێتر لە سنووری هاوبەشی دوو وڵات ئالوودە بە مین و کەرەستەتەقینەوەییەکانی شەر بەجێماوە.

پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان، ئیلام و خووزستان بە پانتایی نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هێکتار، لانیکەم ١٦ میلیۆن مین لەو زەوییانەدا بوونیان هەیە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا(٩٥)ی هەتاوی، ٥٢ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراو و بریندار بوون کە ٩ کەس لەوانە منداڵ بوون.