تەقینەوەی مین لە شاری بانە، برینداربوونی هاووڵاتییەکی لێ کەوتەوە

13:20 - 7 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە تەقینەوەی مین لە سنووری ئەو شارە، بە توندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێشەممە ٦ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەبدولڕەحمان شەریفی\"، تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی ڕەشید خەڵکی گوندی \"بۆییەنی سەرەوە\"ی شاری بانە، لە ناوچەی سنووری \"هەنگەژاڵ\"، بە توندی بریندار بوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی تەقینەوەی مین، لاقی بریندار بووە.

ئەو ڕووداوە لە خاڵی سنووری \"هەنگەژاڵـ\"ـی سەر بە شاری بانە ڕووی داوە و ئەو هاوووڵاتییە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوە.

پزیشکانی نەخۆشخانەی بانە باسیان لە بڕینەوە لاقی ئەو هاووڵاتییە کوردە کردووە و دۆخی تەندروستیی ناوبراویان بە نالەبار ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئامار و زانیارییە سەرەتایییەکان لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، کە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق بڵاو کرایەوە، ١١٠٠ کیلۆمێتر لە سنووری هاوبەشی دوو وڵات مینڕێژ کراون و کەرەستە تەقینەوەکانی شەڕ بەجێ ماوە.

پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام و خووزستان بە پانتایی نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هێکتار، لانیکەم ١٦ میلیۆن مینیان تێدا چێندراوە.