تەقینەوەی مین لە سنووری نەوسوود بریندارێکی لێ کەوتەوە

10:04 - 23 رەزبەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، ئەندامێکی هێزە نیزامییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە و لاقی چەپی لەدەست داوە.

بەخشداری نەوسوود شوناسی ئەو ئەندامەی هێزە نیزامییەکانی بە ناوی "ڕەسووڵ ڕەحمانی"، تەمەن ٣٥ ساڵ، ڕاگەیاندووە کە لە سنووری "تاقە دار"ی نەوسوود کەوتووە بەسەر یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەو مەئموورەی هێزە ئینتیزامییەکان پاش ئەو ڕووداوە، بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی کرماشان کرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، "عەلی ئەکبەری و مەهدی جەوادی"، خەڵکی دێهلۆران کە لە فەرمانبەرانی ناوەندی پووچەڵکردنەوەی مین بوون، بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە و کەسێکی دیکە بە ناوی "ناسر خودایی" هەر لەو ڕووداوەدا، بریندار ببوو.