تەقینەوەی مین لە سنووری ماکۆ دوو برینداری لێ کەوتەوە

21:41 - 23 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقینەوی مین لە سەر سنووری نێوان شاری ماکۆ و تورکیە بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ٢٠ی خەرمانان لە ناوچەی سنووری بۆرلان-یارمق تەقینەوەی مین بووە هۆی بریندار بوونی دوو کۆڵبەری کورد.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە بە هۆیپەڕینەوەیان لە سنوور و چوونە ناو خاکیی تورکیە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی تورکیەوە دەست بە سەرکران و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

سەرەڕای بە دواداچوونەکانی هەواڵنێری کوردپا بۆ ئەم ڕووداوە، بنەماڵەی ئەم دوو کۆڵبەرە لەگەڵ دڵنیاکردنەوەی هەوڵی ڕوودانی ئەم ڕووداوە لە دانی ناوی بریندارەکان خۆیان بوارد.

بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەری کوردە لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، هۆکاری بڵاونەکردنەوەی ناوی ئەو دوو کۆڵبەرەیان بۆ \"گوشاری ناوەندە ئەمنیەتیی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران\" گەڕاندەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٣ی خەرمانان،کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"حاجی حەمزە مەلودی پور\" تەمەن ٦٠ ساڵە خەڵکی ناوچەی کۆنەلاجانی شاری پیرانشار بە هۆی جەڵتەی دڵ گیانی لە دەست دا.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، ئەم کۆڵبەرە کوردە لە ژێر فشاری قورسی بارەکەی لە سنووری تەمرچینی شاری پیرانشارتووشی جەڵتەی دڵ هاتووە.