تەقینەوەی مین لە بەخشی خەلیفانی مەهاباد برینداربوونی هاووڵاتییەکی لێ کەوتەوە

12:38 - 29 رەزبەر 2721

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، تەقینەوەی مین لە یەکێک لە پایگا چۆڵکراوەکانی گوندی "جانداران" سەر بە مەهاباد،  برینداربوونی لاقی هاووڵاتییەک بە ناوی "زانیار عەبدوڵڵاهی" لێ کەوتەوە.

بەخشداری خەلیفان ڕایگەیاندووە کە ئەو هاووڵاتییە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بەهۆی تەقینەوەی مین لاقی بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییە بۆ چارەسەری پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد کرا و هەنووکە لەژێر چاوەدێری تایبەتی پزیشکیدایە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەک بە ناوی "ئارام ئەحمەدی"، کوڕی والی و خەڵکی گوندی "زمکان" سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لە شاری بێستوون لاقی بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییە پاش ئەو ڕووداوە بۆ چارەسەری پزیشکی، بۆ نەخۆشخانەی کرماشان ڕاگوێزرا.