تەقینەوەی مین لە بانە هاووڵاتییەکی دیکەی کردە قوربانی

20:46 - 2 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە ناوچەی بانە بەهۆی کەوتنەسەر مین لاقێکی خۆی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەتی ١ی جۆزەردان کەسێک بەناوی \"محەممەد محەممەدی\" ناسراو بە \"خاڵە حەمەی کووتاڵ فرۆش\" خەڵکی گوندی \"ئەنجێنە قووڵە\"ی سەربە شاری بانە کەوتۆتە سەر مین و لە ئەنجامدا لاقێکی خۆی لەدەست داوە.

بە وتەی هاووڵاتییانی ناوچەی بانە خاڵە حەمەی کووتاڵ فرۆش لە گوندەکانی ناوچەی بانە سەرقاڵی فرۆشتنی کەلوپەل و کووتاڵ بووە کە رۆژی چوارشەممە لە نزیک کێوی بڵەسەن بەهۆی تەقینەوەی مین بەتوندی بریندار و لە ئەنجامدا لاقێکی پەڕیوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا ١٣ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تووشی رووداوی مین بوون کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٢ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ئەو ١١ کەسەی دیکەش بریندار و تووشی کەمئەندامی بوون.

بەپێی ئامار و زانیارییەكان ٦ میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین ئالوودەیە و بەگشتی ١٦ میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار ئوستابی كوردنشینی ئیلام، كرماشان، كوردستان و ورمێ بەهۆی هەلومەرجی تایبەت و سنووریی بوون زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە و زیاترین رووداوی تەقینەوەی مین لەو چوار ئوستانە جێنە ئاراوە.

رێكخراوی یونیسێف، وڵاتی ئێراق و سنوورەكانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ ئێران بە ٢٠ میلیۆن \"مین\"ـەوە وەک \"پڕ مینترین\" ناوچەی دونیا ناودێر كردووە كە ١٠٠٠ كیلۆمیتر لە خاكی ئێراق مین رێژە و بەشێكی زۆری خاكی عێراق هاوسنووری ناوچە كوردنشینەكانی ئێرانە و خەڵكێش بەهۆی كاسبی و كاروباری كۆڵبەری لەو سنوورانە زیاتر دەبنە قوربانی.