تەقینەوەی مین لە بانە، قوربانیی لێکەوتەوە

20:25 - 24 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی شاری بانەدا، لاوێک کوژرا و یەکێکی تریش بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بانەمەڕ، لاوێکی بانەیی بە ناوی \"شاهۆ سپایی\"، تەمەن ٢٠ ساڵ، کوڕی تەوفیق، خەڵکی شاری بانە، بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا و لاوێکی دیکە بە سەختی لەو ڕووداوەدا بریندار بوو.

ئەم دوو لاوە کوردە، لە بەرزاییەکانی شاخی \"سوورکێو\" لە نزیک گوندی \"نێروان\"، سەر بە بەخشی ئارمردەی شاری بانەدا، تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

ئەو لاوە بریندارە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری بانە کراوە.

تەرمی \"شاهۆ سپایی\" بۆ نەخۆشخانەی شاری بانە ڕاگوێزراوە و هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.