تەقینەوەی مین، قرتاندنی لاقی لاوێکی لێکەوتەوە

14:51 - 6 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی ئەهوازی بەهۆی تەقینەوەی مین، لاقێکی لەدەست دا.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ، لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە ناوی \"مستەفا قەلەمشیری\"، خەڵکی شاری ئەهواز، بەهۆی تەقینەوەی مین بەسەختی بریندار بوو.

ماڵپەڕی \"مین و ژیان\" (مین و زندگی)، لە زاری جێگیری فەرماندی هێزە ئینتزامییەکانی شاری ئەهەواز ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕووداوە لە دەوروبەری شوێنی پارێزراوی ئەرتش لە نزیک گەڕەکی سیاحی ئەو شارە ڕوویداوە.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری ئەو فەرماندە نیزامییە بڵاوی کردووەتەوە کە لاوی بەرکەوتووی ئەو ڕووداوە، بە مەبەستی کۆکردنەوەی پاشماوەی تێلدڕووەکان لە دەرووبەری ئەو شوێنە نیزامییە، تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

\"مستەفا قەلەمشیری\"، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەم مینەدا، لاقی لەدەست داوە.

ئێران بە پانتایی چوار ملیۆن هێکتار، ئالوودە بە مینە و بە بوونی زیاتر لە ١٦ ملیۆن مینی بەجێماوی شەڕی هەشت ساڵە لە ٥ پارێزگا، بە دووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مین لە جیهاندا دێتە ئەژمار.