تەقینەوەی مین سێ کۆڵبەری کردەوە قوربانی

13:36 - 3 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کۆڵبەری کورد، خەڵکی شارەکانی مەریوان، دیواندەرە و سنە بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری مەریوان کوژرا و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەر، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"عەبدوڵڵا محەممەدزادە\" خەڵکی گوندی \"تینال\" سەر بە شاری مەریوان و \"عەلی نادری\" خەڵکی گوندی \"گەونتوو\" سەر بە شاری دیواندەرە بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری مەریوان کوژران. کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی \"حەمید سەعیدی\" کوڕی سەید محەممەد ئەمین خەڵکی گوندی \"باینچووب\" سەر بە شاری سنە لە ڕووداوەدا بە توندی بریندار بووە.

ئەو سێ کۆڵبەرە کورد لە سنووری \"دەرەوەران\"ـی مەریوان وەسەر مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران کەوتوون و تووشی ئەو ڕووداوە دەبن.

لەو ڕووداوەدا \"حەمید باینچوو\" بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینە چێندراوە لاقێکی خۆی لە دەست داوە.

تەرمی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە بۆ نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان ڕاگوێزراون.
قەیرانی ئابووری لە کوردستانی ئێران و بە تایبەت شارە سنوورییەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە دانیشتووەکانی ڕوو لە پێشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری بکەن.

پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام، کرماشان و خوزستان زیاترین مینی چێندراویان لە ئێراندا هەیە و زیاتر لە ١٦ میلیۆن مین لەو ناوچانەدا هەیە کە هەتا ئێستا هەنگاوێکی جیددی بۆ پاککردنەوەی ئەو مینانە هەڵنەگیراوە.