تەقینەوەی مین سێ مێرمنداڵی کردە قوربانی

22:03 - 16 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران_عێراق لە ملەی \"تەتە\"ی بەخشی هەورامان سەر بە شاری سەوڵاوا، سی مێرمنداڵی کردە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕیکەوتی ١٦ی خەرمانان، سێ مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵە لە بەخشی هەورامانی شاری سەوڵاوا، بە هۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵە بریندار بوون.

هەواڵدەریی ئیرنا شوناسی یەکێک لەو مێرمنداڵانەی بە ناوی \"محەممەد ئیبراهیمی\" ڕاگەیاندووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە، محەممەد بە هۆی سەختیی برینەکەی، لاقی ڕاستی لە دەست داوە و دوو مێرمنداڵەکەی دیکەش ئاستی بریندار بوونیان کەمترە.

ئەو مێرمنداڵە هەنووکە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە کراوە.

بەشێک لە زەوییەکانی ئەو ناوچەیە بەهۆی شەڕی ئێران و عێراق ئالوودەی مین بووە و هەر ساڵە بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینەبەجێماوانە، هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دەبنە قوربانی.

هەرلەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە گوندی چەکۆ سەر بە شاری سەردەشت، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵە بە ناوی \"محەممەد ئەلیاسی\"، لە چۆمی \"زێ\" بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا و هەروەها منداڵیکی تەمەن ١٠ ساڵە بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بووە.

زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە پارێزگاکانی ئیلام، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و خووزستان بوونی هەیە و زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ هێکتار زەویش لە ئوستانە کوردنشینەکان بە مین ئاڵوودە کراون.