تەقینەوەی مین بوو بە هۆی کەمئەندام‌بوونی هاووڵاتییەکی کورد

15:44 - 2 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردان، تەقینەوەی مین لە کوێستانی\"شەڕگە\"ی شاری پیرانشار، بوو بە هۆی کەم‌ئەندام بوونی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە\"عەبدوڵڵا نەوبەخت\" تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی \"کۆنە خان\"ی شاری پیرانشار ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ کۆکردنەوەی ڕووەک و گیای بەهاری ڕووی لە کوێستانی \"شەڕگە\" کردبوو، کە تووشی ئەو ڕووداوە دەبێت.

لەو پەیوەندەییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی بانەمەڕ، تەقینەوەی مین لە ناوچەی \"سەر قەڵا\"ی شاری \"سەرپێل زەهاو\" گیانی هاووڵاتییەکی ئەستاند و کەسێکی دیکەشی بریندار کرد.

ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە \"پەیمانی ئۆتاوا\" واژۆ بکات. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکات پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەسە جەنگییەکان خاوێن بکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٨٥ی هەتاوی، ڕایگەیاندوو و دووپاتی کردەوە؛ \"سنوورەکانی ئێران بەرفراوانە و تێپەڕگەیەکە بۆ هاتوچۆی قاچاغچیەکان و تێرۆریستەکان، بەو پێیە ناوەندە بەرگیریکارەکانی ئێران کەڵک وەرگرتن لە مینە چێندراوەکانیان وەکوو دەرئەنجامێکی پێشگیری لە قاچاغ قەبووڵ کردووە\".

پێشتریش لە مانگی ڕێبەندانی ٨٣ی هەتاوی، بەرپرسی کاتی بەربەرەکانێ لەگەڵ شتومەکی قاچاغ لە ئێران لەو پەیوەندیەدا گوتبووی: مین وەکوو ستراتیژی بەرگیری لە دەستووری کاری هێزە سنوورپارێزەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی دیکە کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانیان لە سەر شانە، قەرار دراوە.