تەقینەوەی مین، برینداربوونی دوو هاووڵاتیی کوردی لێکەوتەوە

20:59 - 11 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی هەشت ساڵەیت نێوان ئێران و عێراق لە سنووری شاری بانە، دوو هاوولاتیی کورد بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە راگوێزرانەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، ١١ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی کورد به ناوەکانی \"کامیار عەبدوڵڵاهی\"، ٣٠تەمەن ساڵ و \"سەفەر ڕەحمانی\" تەمەن ٣٥ ساڵ، به هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی \"هەنگەژاڵ\"ی شاری بانە، تووشی برینداربوونی لاق بوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە کە خەڵکی گوندەکانی \"عەباس ئاوا و خوری ئاوا\" لە بەشی نەنووری بانەن، به هۆی سەختی برینەکەیانەوە گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەم شارە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کورده ئێستاکه لە نەخۆشخانەی \"سەلاحەدینی ئەیووبی\"ی بانەدا لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان.

\"کامیار عەبدوڵڵاهی\" و \"سەفەر ڕەحمانی\" لە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی هەنگەژاڵ تووشی ئەم ڕووداوە بوونە.

هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی سێشەممە، ٦ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد به ناوی \"عەبدولڕەحمان شەریفی\"، تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی ڕەشید خەڵکی گوندی \"بوویین عولیا\"، سەر بە شاری بانە، به هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری هەنگەژاڵ به توندی بریندار بوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە به هۆی تەقینەوەی مین ، قولاپەی پێی بریندار بووە.