تەقینەوەی تەقەمەنییەکانی شەڕ لە گیلانغەرب دوو کوژرا و بریندار لێ کەوتەوە

17:59 - 24 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی خەرمانان، لاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵە بە ناوی "ڕەزا ئاقایی" خەڵکی گوندی "گڕاویانـ"ـی شاری گیلانغەرب، بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییە کۆنەکراوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، گیانی لەدەست دا.

هەروەها دایکی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە بە ناوی "شکەر ئەحمەدی" کە ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵەیە بە سەختی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئادگادار، بارودۆخی گشتیی دایکی ڕەزا ئاقایی نالەبار ڕاگەیەندراوە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانیی پارێزگای کرماشان، کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ ئەو ڕووداوە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گوندی "گڕاویان"ی ڕووی داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەرمانان، هاووڵاتییەک بە ناوی "خوسرەو جانداروو" تەمەن ٧٠ ساڵ، بەهۆی تەقینەوەی کەرەستە تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، لە نزیک گوندی "قاسم ئاوا"ی شاری گیلانغەرب، گیانی لەدەست دابوو.