تەقینەوەی \"تی ئێن تی\"، گیانی جۆشکارێکی کوردی ئەستاند

14:46 - 2 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتی کارکردندا، بە هۆی تەقینەوەی \"تی ئێن تی\"، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١ی پووشپەڕ، کرێکارێکی کورد بە ناوی \"سەلاح عەبدوڵڵاپوور\"، کوڕی مستەفا، خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتی کارکردندا بە هۆی تەقینەوەی \"تی ئێن تی\" لە کارگەیەکی ماسەدا، گیانی لەدەست دا.

ئەم کرێکارە ٣٠ ساڵەیە، لە کاتی جۆشکاریکردن لە ئەنباری ئەو کارگەیەدا، کە هاوکات شوێنی ئەنبارکردنی هەندێک مادەی تەقەمەنیی \"تی ئێن تی\" و \"سێلندێری گاز\" بووە، \"تی ئێن تی\" تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی سووتانی ئەم کرێکارە.

ئەم کرێکارە کوردە، بە هۆی زۆریی سووتاوییەکەیەوە، دەسبەجێ لەو شوێنەدا گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ٩٧دا، ٥٥ کرێکار لە شارەکانی کوردستان، بە هۆی ڕووداوی کار بریندار و گیانیان لەدەست داوە و لە کۆی ئەو ئامارە، ٤٣ کرێکار گیانی لەدەست داوە و ١٢ کرێکاریش بریندار بوون.

هەر بەپێی ئەو ئامارە لە ساڵی ٩٧دا، کرێکاران بە شێوەی گرووپی، ٣٧ جار لە شارەکانی کوردستاندا بۆ داخوازییەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هەروەها، ١٧ حاڵەتی بێکاری و دەرکردنی کرێکاران بە شێوەی گرووپی ڕووی داوە، کە سەرجەم ١١٧٢ کرێکار لەسەر کارەکەیان دەرکراون.