تەقینەوەی TNT لە کۆنە پایەگایەکی شاری سەوڵاوا، بریندار بوونی هاووڵاتییەکی لێکەوتەوە

15:58 - 20 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد بە هۆی تەقینەوەی TNT لە کۆنە پایەگایەکی حکوومەتی ئێسلامیی ئێران لە ناوچەی سەوڵاوا، بە توندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٨ی بەفرانبار هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \" رەحمان دەروێشی\" کوڕی محەمەد و خەڵکی گوندی دەزڵی بە هۆی تەقینەوەی TNT لە کۆنە پایەگای \"شامراوە\" لە نێوان جادەی سەوڵاوا – مەریوان بە توندی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە لە پایەگای شامراوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە بووە کە مادەی TNT بەروویدا تەقیوەتەوە لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بووە و دواتر بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی شاری تاران کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەتا ئێستا ٢٨ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماو لە کۆنە پایەگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کوژراو و بریندار بوون کە لە کۆی ئەو رێژەیە ١٤ کەس بە توندی بریندار بوون و ١٤ کەسیش بەرەوڕووی مەرگ بوونەتەوە.

ئەم رێژەیە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و بێگومان ژومارەی راستەقینەوی كوژراو و بریندارەكانی رووداوی تەقینەوەی مین لە كوردستان لەو رێژەیە زیاترە.

زۆربەی قوربانیانی مین لە ناوچە سنوورییەكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران كە زۆربەیان لە گوندەكان رووی داوە، بەدوای بژیوی ژیان كەوتوون و زۆربەشیان غەیرە نیزامی و بەتایبەت منداڵان، شوان و كرێكار و وەرزێڕان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مینە چێنراوەكان كە پاشماوەی شەڕی ئێران ـ عێراق و شەڕی ساڵانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانن.