تەقینەوەكانی دیمەشق نزیك بە 240 كوژراو و برینداری لێكەوتەوە

20:44 - 21 بانەمەڕ 2712
كوردپا: بەپێی راپۆرتی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتیی سووریە، لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی بەهێز لە پایتەختی سووریە، زیاتر لە 40 كەس كوژراون و هەروەها زیاتر لە 170 كەسی دیكەش بریندار بوون.

بەشی فارسیی ماڵپەڕی شەبەكەی بی بی سی بڵاوی كردەوە سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ 21ی بانەمەڕ (10ی مەی)، لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی هاوكات لە دیمەشق پایتەختی سووریە، دوو بەش لە گەڕەكەكانی ئەو شارە لەرزیونەتەوە كە وێڕای كوژران و بریندار بوونی دەیان هاووڵاتی، بۆتە هۆی پشێوی و ئاڵۆزیی سوویە.

بەپێی راپۆرتی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتیی سووریە، ئامانج لە تەقینەوەكان دوو بینای نیزامی -ئەمنیەتی بۆ وێنە ناوەندی ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی \"تیرۆریزم\" هەڵكەوتوو لە گەڕەكی \"القرار\" لە باشووری پایتەختی ئەو وڵاتە بووە.

لە سەرەتای دەسپێكی ناڕەزایەتییەكان بەدژی حكوومەتی سووریە و بەتایبەت هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنی چەكدارانەی دژبەرانی حكوومەت بەدژی هێزە حكوومەتییەكان، لێپرسراوان و راگەیەنە حكوومەتییەكانی سووریە، \"گرووپە تیرۆریستی\"یەكان و رێكخراوە توندڕەو و بناژۆخوازەكانی سەر بە هێزە بیانییەكان بە بەرپرسیاری ئەو رووداوانە لە قەڵەم دەدەن.

لە بەرامبەردا دژبەرانیش ئەو تەقینەوانە دەدەنە پاڵ حكوومەتی سووریە و هێزە ئەمنیەتییەكان و لەو باوەڕە دان كە حكوومەتی سووریە بۆ كۆتایی هێنان بە كاری چاوەدێرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەست دەداتە تەقینەوە.

تەقینەوانەكانی ئەمڕۆی دیمەشق لە كاتێكدا روویان داوە كە نزیك بە30 چاوەدێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەب لە نزیكەوە چاوەدێریی بارودۆخی سووریە دەكەن و نزیك بە یەك مانگە رێككەوتنی ئاگربەس لە نێوان هێزە نیزامییەكانی حكومەتی سووریە و دژبەراندا واژۆ كراوە.

هێندی لە چاوەدێرانی سیاسیی ناوچە لەو باوەڕە دان ئەگەری ئەوەش لە گۆڕێ‌ دایە كە ئەو زنجیرە تەقینەوە و توندوتیژییانە لەسەر دەستی هێندێ‌ رێكخراو و لایەنی نیزامیی جۆراوجۆر بە مەبەستی شێواندنی بارودۆخی سووریە روو بدات، هەتا هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارەسەر كردنی قەیرانی سووریە نەگەنە ئەنجام.