تەقینەوە، گیانی دوو هاووڵاتیی کوردی ستاند

14:50 - 15 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی جیاوازدا لە شارەکانی سەردەشت و شنۆ، دوو هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٣ی رەشەمە، خانووی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا، لە ئاگردا سووتا و پاشان بە تەواوەتی تێکڕووخا.

ئەو رووداوە لە گەڕەکی شیوە برایمی شاری سەردەشت هاتۆتە ئاراوەو هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵ بەهۆی ئەو تەقینەوەیە بریندار بووەو پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە و بەهۆی کاریگەریی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، دووکانی هاووڵاتییەکی کوردەی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی یوونس ئەمینی بەهۆی تەقینەوەی کەلوپەلی نەورۆزی لە ئاگردا سووتا و بۆخۆیشی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی جەستەی سووتابوون.

ئەو لاوە تەمەن ٢١ ساڵەیە، بەهۆی سووتانی لەسەدا ٩٦ی جەستەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراو پاشان بەهۆی نالەباریی جەستەیی و نەبوونی ئیمکانات، بۆ نەخۆشخانەی سینای تەورێز گوازرابوویەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش ٨ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی تەورێز، بەهۆی سووتانی لەرادەبەدەر گیانی لەدەست دا.

ئەو رووداوە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندان و لە گەڕەکی شەهرەکی فەرهەنگیانی شنۆ هاتبوە ئاراوە.