تەقینەوە مین دیسان لە پارێزگای ئیلام قوربانی لێ کەوتەوە

15:32 - 5 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بە جێماوەکانی شەڕی ئێران_عێراق لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ بریندار بوو.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، شەوی ٣ لە سەر ٤ی خاکەلێوە، لە ناوچەی مەیمەکی سەر بە شاری مێهران لە پاریزگای ئیلام، لاوێک بە هۆی تەوقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵدەریی حکوومەتی مێهر لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە؛ لەو رووداوەدا لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین دەبێت و لاقی چەپی ئەو لاوە بە سەختی بریندار دەبێت.

هەرچەند ئەو هەواڵدەرییە حکوومەتییە شوناسی ئەو لاوە تەمەن ٢١ ساڵەیە بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام ئەو ڕووداوە لە کاتژمێر ٩:٣٥ خولک لە ناوچەی مەیمەک روویداوە.

لە دوایین مانگی ساڵی ٩٥ هەتاوی هەتاکوو ئێستا ئەمە ٤ەمین حاڵەتی تەقینەوەی مینە بە جێماوەکانی شەڕی ٨ساڵەیە کە بە هۆیەوە هاووڵاتییانی کورد لە پارێزگای ئیلام دەکوژرێن یان بریندار دەبن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کۆی ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە ساڵی رابردوودا، کە بە هۆی تەقینەوەیی مین کوژرا و بریندار بوون، ٩ کەسیان منداڵن کە ٢ کەسیان کوژرا و ٧ دیکەش بریندار بوون.