تەقینەوی مین لە ئیلام کوژرانی لاوێکی کوردی لێکەوتەوە

15:14 - 21 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد، خەڵکی شاری مەلەکشای سەر بە پارێزگای ئیلام بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووری شاری مێهران گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، لاوێکی کورد بە ناوی\"یوونس کازم زادە\" خەڵکی شاری مەلەکشای ئیلام لە ناوچەی سنووریی شاری مێهران بە هۆی تەقینەوەی مین، دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی عیسا بازیار،کە زیاتر لە ١٣ ساڵە لە بواری هەڵگرتنەوەی مین چالاکی دەکات، بە مردنی ئەو لاوە کوردە، ژمارەی هاووڵاتییانی گیان لە دەستدراو بە هۆی تەقینەوەی مین لە شاری مێهران لە ئەمساڵدا، گەیشتووەتە ٥ کەس.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٣ کەس بوونەتە قوربانی مین، کە ٣ کەسیان کوژراون و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام و خووزستان، بە پانتایی نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هێکتار، لانیکەم ١٦ میلیۆن مین چێندراون.