تەعمیرکارانی ناڕازیی شاری سنە لەگەڵ هێزە نیزامییەکان تووشی تێکهەڵچوون بوون

14:24 - 14 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: تەعمیرکارانی شاری سنە هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان، هێزە ئینتزامییەکان و مەئموورانی شارەداریییان لە زەوییەکانی خۆیان دەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ، نزیک بە ٦٠٠ کەس لە تەعمیرکارانی شاری سنە هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێ نەدارنی ئەو زەوییانە کە پێشتر کڕیویانە، لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان بە کێشە هاتن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنەوە رایگەیاند: سەرلە بەیانی رۆژی پێنج‌شەممە تەعمیرکارانی ناڕازی هاوڕێ لەگەڵ ژن و منداڵەکانی خۆیان چوونەتە ئەو زەوییانەی کە پێشتر کڕیبوویان و بە کەڵک وەرگرتن لە \"لۆدێر\" و \"گرێدەر\" ئەو زەویانەیان ئامادەی دروست کردن کردووە.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، پاش ئامادە بوونی ناڕازییان، شارەدار و مەئموورانی شارەوانی و هەروەها هێزەکانی گاردی تایبەت چوونەتە ئەو شوێنە و لە ئەنجامدا تێکهەڵچوون لە نێوانیاندا هاتۆتە ئاراوە.

یەکێک لە تەعمیرکارانی ناڕازی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، \"نزیک بە ١٢ ساڵ پێش ئێستا ٦٥٧ کەس لە تەعمیرکارانی شاری سنە، هەر یەکە بڕی ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنیان بابەتی کڕینی پارچە زەوییەک بەو \"سەید مەهدی تەخت فیرۆزە\" بەرپرسی شیرکەت تەعاونیی تەعمیرکارانی شاری سنە دابوو، بەڵام هەتا ئێستا هیچکام لەو کەسانە زەوییان پێنەدراوە.

پێشتر لە رێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩١ لەبەر دەرکەی \"ئوستانداری\"ی شاری سنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنابوو کە لەلایەن ئۆستاندارییەوە بەڵێنیی پێراگەیشتن و بەدواداچوونیان پێدرابوو، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بەڵێنیانەش نەچۆتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

ئەو زەوییانە کەلە پشتەوەی مەیدانی تەڕەباری شاری سنە هەڵکەوتووە، تەعمیرکاران هەتا کاتژمێر ٩ی شەو ئامادە بەچٶڵ کردنی ئەو شوێنە نەبوون.