تەزووی کارەبا، گیانی کرێکارێکی ڕۆژهەڵاتیی ئەستاند

14:17 - 3 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، لە شاری سلێمانیدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣ی گەلاوێژ، کرێکارێکی کوردی خەڵکی گوندی \"وەڵەژێر\" سەر بە شاری مەریوان، بە ناوی \"بێهنام تارین\"، کوڕی عەبدوڵلا لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار بوو و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە، بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەست داوە.

\"بێهنام تارین\" بەهۆی بێکارییەوە، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەی، ڕووی لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان کردبوو.

هاووڵاتییانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان، ناچار بە بڕینی سنووری وڵاتێکی دیکە دەبن و زۆر جار لەو پەیوەندییەدا، دەبنە قوربانیی ڕووداوی کار.