تەزووی برق گیانی ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵەی بۆکانی ستاند

16:04 - 28 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵەی خەلکی شاری بۆکان، بەهۆی برق گرتووییەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵەی دانیشتووی گەرەکی \"عەلیاباد\"ی شاری بۆکان بەهۆی دەست لێدان لە تەزووی کارەبا، بووە قوربانی.

بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەو ژنە تەمەن ٦٠ ساڵەیە بەهۆی رزین(پوسیدگی)ی سیمکێشیی خانووبەرەکەوە، دەستی لە تەزووی کارەباکە دراوەو بەو هۆیەوە برقەکە گرتوویەوەتی و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی شاری بۆکان، گیانی لەدەست داوە.

شاری بۆکان لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا هەڵکەوتووەو ١٧٦ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و تێکڕای دانیشتوانەکەی، هاووڵاتییانی کورد پێکی دێنن.

رێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بڵاوی کردۆتەوە، لە ماوەی ٥ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، حەوت کەس لەو ئەوستانەدا بەهۆی برق گرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە، کە ٢ کەسیان ژن و ٥ کەسیشیان پیاو بوون.

ساڵی رابردووش ٢ ژن و ١١ پیاو بەهۆی برق گرتووییەوە لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا گیانیان لەدەست دابوو، کە رزینی سیکمێشی و رەچاو نەکردنی مەرجە ئیمەنییەکانی سیمکێشیی ناوماڵ هۆکارەکانی هاتنە ئارای ئەو رووداوانە بوون.