تەرمێ ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ لە سەقز، بە سووتاوی دۆزرایەوە

18:43 - 9 رەزبەر 2714
ئاژانسی کودپا: ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵەی کوردی خەڵکی ناوچەی دیواندەرە، کە هاوسەری مەلایەکی ئایینیی خەلکی شاری سەقز بوو بە شێوەەی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٨ی رەزبەر ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵەی خەڵکی گوندی (کەڵەکان)ی سەر بە بەخشی کەرەفتووی دیواندەرە، تەرمەکەی بە سووتاوی لە ماڵی خۆیان لە شاری سەقز دۆزرایەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، ناسنامەی ئەو ژنە تەمەن ٢٧ ساڵەیەی، هایدە نووری و کچی (ئەمین نووریی هۆرەچڕ)، راگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشكرا کردووە، هەتا ئێستا روون نەبۆتەوە کە هایدە نووری بۆخۆی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە یان لەلایەن کەسانی دیکەوە کوژرابێت و ئاگریان لە جەستەی بەردابێت.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردۆتەوە، هایدە نووری سێ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ مەلا ئایینیی شاری سەقز و لە کاتێکدا ١٥ ساڵ تەمەنی لەو مەلا ئایینییە کەمتر بوو، ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی هایدە نووری، لە پزیشکی دادوەریی شاری سەقز بە مەبەستی پشکنین و لێکۆڵینەوە راگیراوەو رادەستی بنەماڵەکەی لە گوندی کەڵەکان نەکراوەتەوە.