تەرمی کۆڵبەرێک لە بەرزاییەکانی چاڵدێران دۆزرایەوە

18:21 - 21 خاکەلێوه 2720

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، تەرمی کۆڵبەرێک بە ناوی "عەسکەر محەممەدی" خەڵکی گوندی "نەبی کەندیـ"ـی بەخشی ناوەندیی چاڵدێران لە بەرزاییەکانی ئەو شارەدا دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە چوار ڕۆژ لە بەرزاییەکانی کێوەکانی چاڵدێراندا ون بووە.

هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کۆڵبەرە لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "بورهان جنکانلو" تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری بازرگان سەر بە ماکۆ، لە بەرزاییەکانی سنووری ئەو شارە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردبوو.