تەرمی کۆڵبەرێکی کورد دوای چەند مانگ لە نێو بەفردا دۆزرایەوە

15:13 - 23 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: دابین‌کردنی بژیوی ژیان لە ناوچە کوردنشینەکان‌دا کێشە و ڕوودای دڵتەزێنی بۆ هاووڵاتیانی کورد لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو تەرمی کۆڵبەرێکی کورد لە سنوورەکانی شارستانی ورمێ و لە شوێنێک ناسراو بە \"چل مێری شەهیدان\" دۆزرایەوە.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە \"کامران پوورسەمەویان\" ڕاگەیەندراوە.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو کۆڵبەرە کوردە شەوی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کاروانی کۆڵبەرەکان جیا دەبێتەوە و ڕێگای خۆی بزر دەکات.

ڕۆژی هەینی دوای چەند مانگ تەرمی ناوبراو دوای گەرمبوونی کەش‌ و هەوا و توانەوەی بەفرەکان دەردەکەوێت.

ئەو کۆڵبەری کورد خەڵکی گوندی \"شیبان\"ـی تەرگەوەڕی ورمێ‌یە کە بۆ دابین‌کردنی بژیوی ژیانی خۆی و بنەماڵەی دەستی دابوویە کۆڵبەڕی و تەرمی نابراو بۆ پشکنینی یاسایی ڕوانەی ورمێ کراوە.