تەرمی کۆڵبەرێکی سەقزی پاش سێ مانگ لە بەرزاییەکانی سنووری بانە دۆزرایەوە

15:05 - 11 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: تەرمی کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەقز، کە پاش سێ مانگ لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە بەرزاییەکانی شاری بانە، بێسەروشوێن بوو، دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی بانەمەڕ، تەرمی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"عەباس قادرزادە\" خەڵکی گوندی \"دەرئاوێ\"ی بەخشی دێهستان زەڵفەقاری شاری سەقز، پاش سێ مانگ بێسەروشوێن بوون، لەگەڵ ئاوبوونی بەفرەکان لە شاخی \"حوجرەی فەقییەکان\" لە پشت گوندی\" نەنۆڕ\"ی شاری بانە، دۆزرایەوە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شاخەکانی دەورووبەری گوندی \"بڕووێشکانی\" سەر بە بەخشی \"نەنۆڕ\"ی شاری بانە، تووشی سەرما و کڕێووە، ببوو.

لەو ڕووداوەدا، دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی \"سامان ساڵحی\" تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی گەڕەکی \"قەوەخ\"ـی سەقز و \"محەممەد کەریمی\" خەڵكی گوندی \"شوێ\" سەر بە شاری بانه لە چیاکانی دەورووبەری گوندی \"بروێشکانی\" سەر بە بەخشی \"نەنۆر\" بە هۆی سەرما گیانیان لە دەست دا.