تەرمی هاووڵاتییەکی گیانبەختکردووی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر ڕادستی بنەماڵەکەی کرا

10:48 - 21 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: تەرمی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ ون ببوو، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، تەرمی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەردار ئەعزەمی" کوڕی "مەجید"، تەمەن ٤١ ساڵ، لە یەکێک لە ساردخانەکانی تاران دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر لە شاری پەردەندی پارێزگای تاران ون ببوو، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە کە تەرمی "سەردار ئەعزەمی" لە ساردخانەدایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "لەو ماوەیەدا، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە چەندین جار سەردانی زیندانی تاران و ناوەندە ئیتلاعاتییەکانیان کردووە، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە وەرنەگرتووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: "هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەعزەمی کردووە کە لە میدیایی کردنی گیانلەدەستدانی سەردار خۆ ببوێرن".

"سەردار ئەعزەمی"، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و لە شاری پەرەند لە کارگەی "ئابکاری" خەریکی کار بووە.