تەرمی لاوێک پاش دەسبەسەر کرانی لە ڕووباری کاروون دۆزرایەوە.

13:45 - 21 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانی ئێرانی و کوردستانی لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، تەرمی لاوێکی خەڵکی شاری ئەهواز لە ڕووباری کاروون دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییانی شاری ئەهواز تەرمی لاوێکی خەڵکی ئەو شارەیان لە ڕووباری کاروون دۆزییەوە، کە لە کاتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، لەو شارە دەسبەسەر کرابوو.

شوناسی ئەو لاوە بە ناوی \"ئاریا ڕووزبەهی بابادی\" کوڕی ئەکبەر خەڵکی شاری ئەهواز ڕاگەیندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ئەهواز لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ئەم دوایانەی خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی ئێران و کوردستان، ئەو لاوەیان دەسبەسەر کردبوو و هەتا کاتی دۆزینەوەی تەرمەکەی بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە مەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان نەبووە.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئەو زانیارییانە بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، ئیتلاعاتی شاری ئەهواز لە هەوڵی ئەوە دایە، ئەو کەسانەی کە لە خۆپێشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون، بە چاو و دەسبەستراوییەوە لە نێو تەلیس بخات و لە نێو ڕووبارەکانی ئەو شارە نوقمیان بکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاژانسی کوردپا هەواڵی دانانی کاناڵگەلێکی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شارەکانی سنە و کرماشان، لەژێر ناوی \"آنتی اغشاشات\" و \" تحت تعقیب\"ی بڵاو کردەوە، کە لە هەوڵی دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییانە دایە، کە لە خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکاندا بەشداریان کردبوو.

ئامانجی ئیتلاعاتی سپای پاسدران لە ڕێخستنی ئەو کاناڵانە و بڵاوکردنەوەی وێنەی ناڕازییان و لیدەرەکانی ئەو خۆپیشاندانانەدا، دەسبەسەر کردنیانە و لەم ڕێگەوە داوای لە خەڵک کردووە، لەو پەیوەندییەدا هاوکاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکەن.