تەرمی عرفان ساعدپەنا، مامۆستای زمانی کوردی پاش سێ ڕۆژ دۆزرایەوە

10:55 - 16 جۆزەردان 2721

تەرمی عرفان ساعدپەنا، مامۆستای زمانی کوردی و لە چالاکانی دیاری مەدەنیی شاری سنە، پاش سێ ڕۆژ، لە بەنداوی قشلاخی سنە دۆزرایەوە.

عرفان ساعدپەنا، لە کاتی چوونەدەرەوە لە ماڵ، تەنیا کارتی پێناس و کارتە بانکییەکەی خۆی دەبات و دواتریش هەموو پارەکانی دەخاتە سەر حیسابە بانکییەکەی دایکی.

بە پێی بەدواداچوونەکانی بنەماڵە، هاوڕێیان و پۆلیسی ئاگاهی دەردەکەوێت کە پاش گەیشتن بە توونێلی یەکەمی سنە ـ دیواندەرە مۆبایلەکەی کوژاندووەتەوە.

ڕۆژی شەممە، ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، تەرمێک لە بەنداوی قشڵاخی سنە لە لایەن خەڵکەوە دەبیندرێت و پاش بەداداچوون دەردەکەوێت کە تەرمی "عرفان ساعدپەنا"یە.

 تەرمەکەی بۆ پشکنین، ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری سنە کراوە و بڕیارە دواتر لە بەهەشت موحەممەدیی ئەو شارە بە خاكی کوردستان بسپێردرێت.

ئەو چالاکی مەدەنییە، ساڵی  ١٣٩٧ی هەتاوی بۆ ماوەی ٣٣ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەسبەسەر کرابوو.

عرفان ساعدپەنا، لەدایکبووی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٦٥ی هەتاوی بوو.

ناوبراو زیاتر لە ١٥ ساڵ بوو کە لە شاری سنە و دەوروبەری سەرقاڵی کاری وانەوتنەوە بوو و خزمەتێکی ئێجگاری زۆری لەم ڕێگایەدا بە منداڵانی نیشتمانەکەی کرد و بە سەدان لاوی خوێنگەرمی کوردستانی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی کرد.

ناوبراو کارناسیی یاسا و کارناسی باڵای زانستە سیاسییەکانی تەواو کردبوو.