تەرمی شێرکۆ مەعارفی رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە

16:21 - 13 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای ئەوە کە بنەماڵەی شێرکۆ مەعارفی لەبەر دەم زیندانی شاری سەقز کۆ ببوونەوە، تەرمی رۆڵەکەیان رادەست نەکرایەوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شێرکۆ مەعارفی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، \"کاتژمێر ٩ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن بەرپرسانی زیندانی شاری سەقزەوە ئاگادار کرایەنەوە کە حوکمی لە سێدارە دانی شێرکۆ مەعارفی بەڕێوەچووە\"

ناوبراو گوتیشی کە سەرەڕای ئەوە لە بەیانییەوە لە بەر دەم زیندانی شاری سەقز کۆ ببوویەنەوە، بەرپرسانی زیندان هیچ وەڵامێکیان پێ نەداینەوە\".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی کە شێرکۆ مەعارفی سەرلە ئێوارەی رۆژی رابردوو بە تەلەفۆن پەیونەدی بە بنەمالەکەیەوە کردووە، بەڵام سەبارەت بە حوکمەکەی هیچی لەگەڵ باس نەکردوون\".

شێرکۆ مەعارفی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بانە، کاتژمێر ٦ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر پاش ٥ ساڵ راگیران لەزیندان، لە ساڵۆنی ملاقاتی زیندانی ناوەندیی شاری سەقز لە سێدارە درا.

ئەو زیندانیی سیاسییە کوردە رێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ساڵی ٨٧ی هەتاوی لە ناوچەی بانە دەستبەسەر کراو پاش زیاتر لە سێ مانگ راگیران لە ئیتلاعاتی سپای شاری سەقز، بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە لایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شایەق، حوکمی سێدارەی بۆ برایەوە.