تەرمی شاخەوانێک لە شاخەکانی بیجاڕ دۆزرایەوە

14:30 - 21 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی شاری بیجاڕ تەرمی شاخەوانێکی خەڵکی ئەو شارەیان لە یەکێک لە کێوەکانی ئەو شارە دۆزییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەمە، چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بیجاڕ تەرمی شاخەوانێک کە بە هۆی بەربوونەوە لە شاخی \"نقارە کووت\"ەوە گیانی لەدەست دابوو، دۆزییەوە.

هەواڵدەریی ئیرنای کوردستان لە زاری شایەتحاڵەکان بڵاوی کردەوە، ئەو شاخەوانە کوردە لە کاتی سەرکەوتن بە سەر یەکێک لە شاخە بەرزەکانی شاری بیجاڕ، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە هەڵکەوتووە، لە ڕەوەزێکی ئەو شاخە بەربووەتەوە.

بەپێی ئەو هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، چەند بەڵگەنامە و هێندێک کەرەستەی کەسۆکی، لە شوێنی ڕووداوەکە کەوتووەتە دەست هاووڵاتییان. بەپێی ئەو بەڵگانە شوناسی ئەو شاخەوانە بە ناوی\"م.ق\" تەمەن ٤٠ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو شاخەوانە کوردە، لەلای سەر و ملییەوە بە سەختی بریندار بووە و هەتا ئێستا بە دروستی نەزانراوە کەی گیانی لەدەست داوە.

بەرزایی \"نقارە کووت\" میترە ٢٢١٠ و زاڵە بە سەر شاری بیجاردا.