تەرمی دوو کۆڵبەری کورد لە ژێر بەفردا دۆزرایەوە

14:48 - 12 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: تەرمی دوو کۆڵبەری کورد، خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ژێر هەرەسی بەفردا گیانیان لە دەست دابوو، دوای چوار ڕۆژ دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان، تەرمی دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"جەدیح و سەبری وەلی نژاد\" خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ژێر هەرەسی بەفردا گیانیان لە دەست دابوو، دوای چوار ڕۆژ لە بەرزاییەکانی مارمیشۆدا دۆزرایەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کورده، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان لە ناو بەفر و کڕێوە لە بەرزاییەکانی مارمیشۆی ورمێدا ون بوون.

بە وتەی دانیشتووانی ناوچەی تەرگەوەڕ، هیلال ئەحمەر لەو پەیوەندییەدا، بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هیچ هەوڵێکی نەداوە.

دەوترێت، هێزە خەڵکییەکان لەگەڵ بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە هەوڵی دۆزینەوەی تەرمەکەیانیان داوە.

لە ماوەی ئەمساڵدا هەتا ئێستە، ٥ کۆڵبەری کورد بە هۆی سەرما گیانیان لە دەست داوە.

لینکی پەیوەندیدار:
دوو هاووڵاتیی کورد لە ناو بەفر و کڕێووە لە بەرزاییەکانی مارمیشۆی ورمێ ون بوون