تەرمی دوو هاووڵاتیی کوژراوی خۆپیشاندانەکان له کرماشان بە خاک ئەسپێردران

11:16 - 2 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: تەرمی دوو هاووڵاتیی ناڕازی کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژرابوون، ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوە و لە کرماشان بە خاک ئەسپێردراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی سێشەممە و  چوارشەممە، ٢٨ و ٢٩ی خەزەڵوەردا، تەرمی دوو هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "عەبدولڕەزا شیرزادی و سەجاد باقری"، لە کرماشان و گوندی "داوەران جەلالوەند"ی کرماشان، ئەسپەردە کراون.

لە خۆپیشاندانەکانی کرماشاندا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران تەقەیان لە هاووڵاتییانی ناڕازی کرد و لە ئەنجامی ئەو دەسڕێژییانەدا، دەیان هاووڵاتیی ناڕازی کوژران و بریندار بوون.

هەتا ئێستا تەنیا شوناسی چەند کەسێک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی کوژراو بە ناوەکانی: "موزەفەر زەهیری کوڕی نسوور، محەممەد میرزایی، نادر بیژوەند و مستەفا فەرزامی"، ڕوون بووەتەوە.