تەرمی دوو هاووڵاتیی شنۆیی پاش چەند ڕۆژ گەڕان و پشکنین دۆزرانەوە

12:34 - 13 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی هەینی ١٢ی بانەمەڕ، تەرمی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی "فاخر تازە وارد" و "ڕەشید پیرۆتی" کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیەوە لە بەرزاییەکانی "خواکورک" لە بەرزاییەکانی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا بوو، پاش چەند ڕۆژ گەڕان و پشکنین تەرمەکانیان دۆزرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕ، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بۆ کۆکردنەوەی ڕووەک و گیای بەهاری ڕوویان لە بەرزاییەکانی "خواکورک" کردبوو و بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیەوە گیانیان لەدەست دابوو.

بەرزاییەکانی خواکورک شوێنی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە (پ.ک.ک) و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتشی تورکیە بە بەردەوامی ئەو بەرزاییانە بۆردومان دەکەن.

پاش شکستهێنانی وتووێژ لە نێوان دەوڵەتی تورکیە و پارتی کرێکارانی کوردستان، شەڕی توند لە نێوان هێزەکانی ئەرتشی تورکیە و "پ.ک.ک" لە خواکورک هاتووەتە ئاراوە.