تەرحی ئەمنیەتیی لەکافی‌نێتەکانی پاوە توندتر بۆتەوە +وێنە

16:20 - 25 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: \"فتا\" پۆلیسی فەزای بەرهەمهێنان و گۆڕینەوەی زانیاری، فشارەکانی بۆ سەر بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت و کافی‌نێتەکانی شارستانی پاوە زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتیانی کورد و بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت لەپاوە لەلایەن پۆلیسی سایبرییەوە فشارییان خراوەتە سەر.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری پاوەوە رایگەیاند، فشارەکان لەحەفتەی رابردووە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و دەبێ‌بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت کارتی پێناسیان پێ‌بێت.

هەر لەو پێوەندییەدا \"ئیدارەی ئەماکن\"‌یش بە خاوەن کافی‌نێتەکانی راگەیاندووە، دەبێ‌هاتوچۆی بەکارهێنەران بەشێوەیەکی زۆر ورد کۆنترۆڵ بکەن و لەشوناسیان ئاگادار بن.

فشارەکان تەنیا خۆیان لە کافی‌نێتەکاندا قەتیس نەکردۆتەوە و بەکارهێنەرانی ئینتێرنێتیش لەماڵەوە خراونەتە ژێر چاودێری پۆلیسی \"فتا\"‌وە.

مانگی رەزبەری ئەمساڵ هێزە ئەمنیەتیی و لیباس شەخسییەکان بە بێ‌ئیزنی خاوەن کافینێتەکان، کامێرایان لە شوێنەکانیاندا دانابوو.

کۆتاییەکانی حەفتەی پێشوو ٧ هاووڵاتیی پاوەیی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دژبەری حکوومەتی ئێران لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، سەرجەم بە ٤٢ مانگ زیندان مەحکووم کران.

لەلایەکی دیکەوە سایتی \"کلمە\" هەواڵی دزە کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای بۆ ناو پەیچەکانی فەیسبووک، بڵاو کردبۆوە و رایگەیاندبوو،\" ئەو هێزانە بە بەدەستەوە گرتنی پەیجەکان چاودێری و کۆنترۆڵی زیاتریان بەسەر بەکارهێنەراندا هەیە و زۆر جاریش بە \"هک\" کردنی ئەو پەیجانە ترس و دڵەڕاوکێ‌لە فەزای مەجازیدا دروست دەکەن\".
\"17416.jpg\"

\"17417.jpg\"

\"17418.jpg\"