تەرحی گشتیی گەشتیاریی زەریاچەی زرێبار پەسەند كرا

19:38 - 30 سەرماوەز 2711
كوردپا: زەریاچەی زرێباری مەریوان وەكوو ناوەندی گەشتیاری دیاری كرا و تەرحی گشتیی گەشتیاری ئەو زەریاچەیە لە بەرنامەی كاریی گەشتیاریی پارێزگای كوردستان دا پەسەند كرا.

ئەمیر ئیلاهی لێپرسراوی ئیدارەی میراس فەرهەنگیی پارێزگای كوردستان رایگەیاند، لە حاڵی حازردا و بەپێی ئەو پەسەند كراوەیە لە پێنج قۆڵی جیاوازەوە پرسی بەڕێوە بردنی ئەو تەرحە دەخرێتە بەر لێكۆلینەوە و تاوتوێ‌ كردن.

ئیلاهی وتیشی، لە بەرنامەمان دایە كە هێندێ‌ شوێنی وەكوو خێوەتگە، چایخانە، خواردنگە، كافی شاپ، هۆڵی یاریی مناڵان و شوێنی وەرزشی زستانی لە دەوری ئەو زەریاچەیەدا درووست بكەین.

ئەو لێپرسراوە ئاشكراشی كرد، نزیك بە 45 هێكتار زەمینمان بۆ ئەو شوێنانە تەرخان كردووە.

ئەمیر ئیلاهی ئەوەشی خستە روو، دەمانهەوێ‌ لە داهاتوودا زانستگەیەكی گەشتیاری لە نزیك زەریاچەی زرێبار درووست بكەین.