تەبەرزەدی جارێکی تر ڕەوانەی ئێڤین کرا

17:23 - 2 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: حیشمەتوڵا تەبەرزەدی، سەرۆکی \"بەرەی دێمۆکراتیکی ئێران\" پاش دەسبەسەرکران لە تاران ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان تەبەرزەدی کە لە مانگی پوشپەڕی ٩٤ پاش تێپەڕاندنی ٥ ساڵ و ٦ مانگ زیندان ئازاد کرابوو ڕۆژی ٢٨ی بانەمەڕ کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لە یەکێک لە شەقامەکانی تاراندا لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و دواتر ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرا.

ئابتین تەبەرزەدی کوڕی ئەم چالاکە سیاسییە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ \"کیهان لندن\" ڕایگەیاندووە کە پەروەندەی ناوبراو هەنوکە لە لقی ٢ی بازپۆرسی ئێڤیندایە و ئەگەری زۆرە کە دەستی دابێتە مانگرتن؛ ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر تۆمەتی وەپاڵ دراوی باوکم بوونی نییە و لە کاتی سەردانمان بۆ دادسەرای ئێڤین تەنیا ئەوەندەیان پێ وتووین کە باوکت هیچ هاوکارییەکمان ناکات.

تەبەرزەدی بە یەکێک لە چالاکانی سیاسی و ڕەخنەگری حکومەتی ئیسلامی ئێران دەناسرێ کە تاکوو ئێستا بە شێوەی پچڕپچڕ سەرجەم ١٦ ساڵ زیندانی کراوە.

حیشمەتوڵا تەبەرزەدی لە دایک بووی ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە گوڵپایگانی ئیسفەهانە کە لە دوای شۆرشی ساڵی ٥٧ بە یەکێک لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت عەلی خامنەیی و هاشمی ڕەفسەنجانی دەناسرا بە چەشنێک کە بۆ یەکەم جار نازناوی \"ئیمامی\" بۆ خامنەیی بەکار هێنا بەڵام دواتر ڕوانینەکانی گۆڕانی بەسەرداهات و لە کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠ی هەتاوی بەرەی دێمۆکراتیکی ئێرانی دامەزراند و هەنووکە خۆی بە کەسێکی سێکۆلار دەناسێنێ.