تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ لەگەڵ ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای سنە

21:17 - 20 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا:ئاژانسی کوردپا: ئاوی زێراوی ٥٤ گوند بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕێژێتە بەنداوی قشڵاقی سنە، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی خەڵکە.

جێگیری چاوەدێریی ئیدارەی گشتیی پاراستنی ژینگەپارێزی سنە ڕایگەیاند: زێراوی ٥١ گوند لە سەرەوەی بەنداوی قشڵاقی سنە، دەرژێتە ئەو بەنداوە، کە سەرچاوی ئاوی خواردنەوە خەڵکی ئەو شارەیە.

بە وتەی ئیقباڵ حەمیدی: زێراوی گوندی سەراوقامیش کە نزیکەی ٥٠٠ بنەماڵەیە، بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەڕژێتە ئەو بەنداوە، بەڵام زێراوی گوندەکانی دیکەش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەڕژێتە ئەو بەنداوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، زێراوی گوندی سەراوقامیش کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەرژێتە ئەو بەنداوە، هەڕەشەیەکی بێهداشتیی بۆ ئەو بەنداوە بە ئەژمار دێت.

ناوبراو بە ئاماژەکردن بە دروستکردنی \"پاڵاوگە\" بۆ زێراوی ئەو گوندانە، ڕایگەیاند: ماوەی ٦ مانگە چاوەڕێی دروستکردنی \"پاڵاوگە\"ی زێراوی ١٠ گوند لە سەرەوەی بەنداوی قشڵاق بووین، بەڵام بە هۆی نەبوونی بوودجە هێشتا دەستی پێ نەکردووە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە زێراوی سێ گوندی شاری بانە کرد، کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەڕژێنە بەنداوێک کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارەیە.