تێکهەڵچوونی نێوان چەکدارانی سپای پاسداران و هاووڵاتییان لەناوچەی پاوە، دوو برینداری لێکەوتەوە+وێنە/ نوێ کرایەوە

14:55 - 18 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی نێوان چەکدارانی سپای پاسداران لەگەڵ دانیشتوانی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی پاوە، دوو هاووڵاتی بە زەبری چەکی ئەو هێــزانە بریندار کران و کەسێکی دیکەشیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانبار چەکدارانی سپای پاسداران چوونەتە گوندی \"سریاس\"ی سەربە شاری پاوە و وێڕای شکاندنی دەرگای ژوورەکانی ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی رەزا فەتحی، ماڵی ناوبراویشیان پشکنیوە.

\"17752.jpg\"
هەژیر فەتحی
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو کردەوەیەی هێزەکانی سپای پاسداران، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی گوندی سریاسی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوانیاندا هاتۆتە ئاراوە و هاووڵاتییان لەلایەن چەکدارانی سپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هاووڵاتییان لەکاتێکدا ویستوویانە رێگری لە شکاندنی درگاکان و پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە بکەن، لەلایەن چەکدارانی سپای پاسدارانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە دوو کەسی خەڵکی سریاس بەناوی هەژیر فەتحی، تەمەن ١٩ ساڵ و کوڕی رەزا و ئەکبەر حوسێنی تەمەن ٤٧ ساڵ بەتوندی بریندار بوون.

دەگوترێت، ئەکبەر حوسێنی بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە و هەروەها هەژیـر فەتحی\"ش بۆ چاوەدێریی پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کەماشان گوازراوەتەوە.

هەروەها، باس لەوە دەکرێت، کە رەزا فەتحی خاوەن ماڵەکە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە، بەڵام هەتا ئێستا هەواڵی دەستبەسەر کرانی ناوبراو پشتڕاست نەکاروەتەوە.

گوندی سریاس لە ١٠ کیلۆمیتری شاری پاوە و لەسەر رێگەی سەرەکیی پاوە - کرماشان هەڵکەوتووە.

لاقی ئەکبەر حوسێنی چوار گولـلەی بەرکەوتووە
\"17736.jpg\"

\"17751.jpg\"

\"17750.jpg\"