تێکهەڵچوونی نێوان پەکەکە و هێزە ئینتزامییەکان لەورمێ ٥ قوربانیی لێکەوتەوە

22:37 - 15 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە تێکهەڵچوونی چەکداریی نێوان هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شاری ورمێ، لانیکەم ٥ کەس بوونە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی ١٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ هێزە ئینتزامییەکان بە یارمەتیی هێزە ئەمنییەکانی شاری ورمێ، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان \"پەکەکە\" لە گوندی \"بەردە رەش\"ی سەربە ناوچەی سۆمای برادۆست تووشی تکهەڵچوون بوون.

هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو ناوچەیە وێرای پشتراست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: سەرلە بەیانیی رۆژی سێ‌شەممەی ئەم حەفتەیە چوونە گوندی بەردەڕەشی و دەستیان بە تۆپ و خومپارە باران کردنی بناری چیای \"وارێ قاسێ\"یان کرد.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی: سەرلە بەیانیی هەمان رۆژ هێزە نیزامییەکان بە خەڵکی گوندەکەیان راگەیاند، کەلە چوون بۆ مووچە و مەزرا خۆ ببوێرن، بەڵام بەداخەوە یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندەکە بەناوی فەرهاد عەبدالی‌زادە کوڕی سەعبی بەهۆی تۆپ بارانی خەستی ناوچەکەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی دانیشتووی گوندی بەردەڕەشی، تەمەنی ٥٠ ساڵ و خێزاندار و هەروەها باوکی سێ منداڵیش بووە.

هەروەها هەواڵنێری کوردپا رایگەیاند، لەو تێکهەڵچوونەدا ٤ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان گیانیان لەدەست داوەو هەتا ئێستا شوناسی ئەو ٤ کەسە روون نەبۆتەوە.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، کە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو تێکهەڵچوونەدا چەند کەسێکیان لێ کوژراو و بریندار بووە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنیەتیی ناوچەکەوە، ئامارێکی دروست لە ژمارەی کوژراوان و بریندار بووانی ئەو تێکهەڵچوونە لەبەر دەستدا نییە.

بە گوتەی سەرچاوەکان، رۆژی سێ‌شەممە تێکڕای هێڵە تەلەفۆنییەکانی گوندی بەردەڕەش بچڕاون و هیزە نیزامییەکان هاتووچۆی هاووڵاتییانیان قەدەغە کردووە.

راستی و دروستیی ئەم راپۆرتە لەلایەن هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە لە ناوچەی ورمێ، پشتڕاست کراوەتەوە.

پەکەکە حیزبێکی چەپی نەتوە گەرایە، کە لەلایەن عەبدوڵلا ئۆجەلانەوە لە کوردستانی تورکیا دامەزراوە و لقی کوردستانی ئێران(رۆژهەڵاتی کوردستان)ی ئەو پارتە بەناوی \"پارتی ژیانی ئازاد(پژاک)\" چالاکیی سیاسی - نیزامی دەکات.