تێکدانی هێلانەی لەق لەقەکانی گوندێکی ناوچەی شنۆ، ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە+وێنە

15:40 - 24 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: تێکدانی هێلانەی لەق لەقەکانی گوندی ئاڵیاوێی سەربە شاری شنۆ، لەلایەن یەکێک لە کارمەندانی ئیدارەی ئاوی ئەو شارە، ناڕەزایەتیی بەرینی دانیشتوانیی گوندی ئاڵیاوێی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کاتێکدا رەوتی وازهێنانی راوچییە کوردەکان لە راوکردن ناوچەی شنۆی گرتۆتەوە، یەکێک لە کارمەندانی ئیدارەی ئاوی ئەو شارە بەناوی (هـ، ر)، هێلانەی لەق لەقەکانی گوندی ئاڵیاوێی سەربەو شارەی تێکدا.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی ئاڵیاوی بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ هێلانەی لەق لەقەکان ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە لەسەر مەنبەعی ئاوی گوندی ئاڵیاوێ بوو، بەڵام یەکێک لە کارمەندانی ئەو ئیدارەیە لە هەوڵێکی \"نابەرپرسانە\"دا، هێلانەی لەق لەقەکانی خستە خوارەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەو کەسانەی کە چەکی مۆڵەت‌داریان هەیە و پێشتر بە مەبەستی رابواردنی کات راویان دەکرد، زۆربەیان دەستیان لە راوکردن هەڵگرتووە و تەنیا بۆ پارێزگاری کردن لە مەڕ و ماڵاتەکانیان، چەک بەکار دێنن.

لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا زۆربەی راوچییە کوردەکان، وێڕای واز هێنان لە راو کردن و شکاندن چەک و کەرەسەکانی دیکەی راوکردن، کەوەکانیشیان ئازد کردووە.

راوچییە کوردەکان لە شارەکانی \"جوانڕۆ، پاوە، کامیاران، ئیلام، مەریوان و نەغەدە\" بە شێوەی بەکۆمەڵ و لە رێوڕەسمی تایبەتیدا کەوەکانیان بە سروشتی کوردستان سپاردۆتەوەو وازیان لە راوکردن هێناوە.
\"18821.jpg\"