تێکدانی لەوحی یادکردنەوەی میکۆنووس ڕەت کرایەوە

22:39 - 25 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی کانوونی پەناخوازە سیاسییە ئێرانییەکان لە شاری برلین، تێکدانی لەوحی یادکردنەوەی قوربانیانی تێرۆری ڕیستۆرانی میکۆنووس ڕەت کردەوە.

حەمید نەوزەری، بەرپرسی کانوونی پەناخوازە سیاسییە ئێرانییەکان لە شاری برلین لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، هەوڵی تێکدانی لەوحی یادکردنەوەی میکۆنووسی بە توندی ڕەت کردەوە.

ناوبراوە لە درێژەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ کوردپا ڕاگەیاند: \"ماوەی سێ حەوتوو پێش بە ناردنی نامەیەک بۆ شارەداری ناوچەی وێڵمرزدۆرف شاری برلین داوای نۆژەنکردنەوەی ئەو لەوحەیان کردووە\".

بەرپرسی کانوونی پەناخوازە سیاسییە ئێرانییەکان لە شاری برلین ڕاگەیاند: \"لەوحی یادکردنەوەی میکۆنووس پێویستی بە چاککردن و سەرنیا کردنەوە هەبوو، ئێمە ئەو هەوڵەمان لە بەرەبەری ٢٥مین ساڵگەردی شەهیدانی میکۆنووس ئەنجام داوە\".

بیرۆکەی دانانی ئەو لەوحە لەلایەن نوێنەری حیزبەکانی سوسیال دێموکرات، سەوزەکان و سوسیالیزمی دێموکراتێک لە ساڵی ١٩٩٧ لە شۆرای شاری ناوچەی\"وێلمرزدۆرف\" شاری برلین باس کرابوو، بەڵام لەو کاتەدا وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان بە هۆی\"نەبوونی حوکمی یەکجارەکی دادگای میکۆنووس\" لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە دژایەتی کردبوو.

حوکمی دادگای میکۆنووس لە مانگی دیسامبری ١٩٩٨یەکجارەکی مسۆگەر بوو و بەرپرسانی ئێرانی لە باڵاترین ئاستدا لە تێرۆری میکۆنووس مەحکووم کرد.

عەلی خامنەیی، هاشمی ڕەفسنجانی، عەلی ئەکبەر وەلایەتی و عەلی فەلاحیان لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوون کە لە لایەن دادگای برلین بە کوشتنی ڕێبەرانی سیاسی کورد تاوانبار کرابوون.

دادگای میکۆنووس لە ماوەی٣ ساڵ، ٢٤٧کۆبوونەوە و شایەتیدانی ١٧٦ کەس لە سەر دۆسیەی تێرۆری سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی و هۆمایون ئەردەڵان لە ڕیبەرانی حیزبی دێموکرات و نووری دێهکوردی چالاکی سیاسی دانیشتووی شاری برلین لە ڕێستۆرانی میکۆنووسی ئەنجام دا و حکوومەتی ئێرانی بە \"تێرۆریزمی دەوڵەتی\" مەحکووم کرد.

شارەداری برلین٢٠ ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی(١ی بانەمەڕی ١٣٨٣ی هەتاوی) لە شوێنی ڕێستۆرانی میکۆنووس(کە هەنووکە ئەو شوێنە داخراوە) تابڵۆیەکی لە قوربانیانی تێرۆری میکۆنووسی ڕوونوێنی کرد.