تێکدان و دەسبەسەرداگرتنی لەوەڕگە و زەوییەکانی ناوچەی هەورامانی تەخت

15:25 - 4 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ماوەیەکە کەسانێکی بەرژەوەندیخواز بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی ناوچەی هەورامانی تەخت دەستیان بە تێکدانی لەوەڕگەی ئەو ناوچەیە کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو کەسانە لە نێوان ملەی \"ژاڵانە\" و گوندی \"کەماڵە\"، لەوەڕگەیەک بە ناوی \"گەچانێـ\"ـیان تێکداوە و دەستیان بە سەر ئەو زەوییانەدا گرتووە.

ئەو شوێنە لە ناوچەی هەورامانی تەخت سەر بە شاری سەوڵاوا هەڵکەوتوو و لەو پەیوەندییەدا دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لە هەمبەر بێدەنگیی بەرپرسانی حکوومەتی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاندووە: \"کەسانێکی بەرژەوەندیخواز لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیەیان تێکداوە و بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەوییانە، کردوویانەتە بەشێک لە زەوییەکانی خۆیان.

لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی ڕابردوودا، ناوەندە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە مەبەستی سازکردنی بنکەیەکی نیزامی، دەستیان دابووە تێکدانی ناوچەیەکی فراوان لە دارستانەکانی ناوچەی \"سەرکەلـ\"ـی شاری مەریوان و دارستانەکانی گوندی سەرکەل بۆ لای گوندی باڵک، سەر بە شاری مەریوانیان، بە مەبەستی سازکردنی جادەی ئەو بنکە نیزامییە بە بۆردیزڵ و شۆفڵ وێران کردووە.

تێکدان و داگیرکردنی زەوییەکانی کوردستان، لە لایەن کەسانی بەرژەوەندیخواز لە ژێر سێبەری بێدەنگیی بەرپرسانی حکوومەتی ڕوو دەدات و ناوەندە حکوومەتییەکان بە نیسبەت ئەم هەوڵانە هیچ دژکردەوەیەکیان لە خۆ نیشان نەداوە.